"هەموو ئەوەی کە ئێمە داوای دەکەین ئاشکرا کردنی چارەنووسی ئازیزانمانە"

خێزان و دایک و کچی ئەو قوربانیانەی کە لە بۆردوومانەکانی تورکیادا لە دێرەلووک، شەهید بوون یاخود بێسەر و شوێن بوون.

تەنیا ٢٣ ڕۆژ تێپەڕی بوو بەسەر ساڵی نوێدا کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە کاتژمێر ١١:٣٠خولەکی دەمەو نیوەڕۆ بە بۆردوومانکردنی چیای مەتین لە ناوچەی دێرەلووک و گوندەکانی دەووروبەری لە کوردستانی عێراق، یەکەمین ئاماری کوشتن و بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنییان لە ساڵی ٢٠١٩دا تۆمارکرد.

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک چیای مەتین و گوندەکانی "زیلێ" و "هێتوت"یان بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا، ٦ هاوڵاتی بوون بە قوربانی، کە تەرمی چوار لە قوربانییەکان ئەو کاتە دۆزرایەوە بەڵام چارەنووسی دوو قوربانییەکەی تر تائێستا نادیارە و هیچ کەسێک نازانێت کە چی بەسەر ئەم دوو هاوڵاتییەدا هاتووە.

لەدووای دوو ڕۆژ لەم ڕووداوە "سی پی تی" سەردانی ناحیەی دێرەلووکی کرد و بۆ بەدوواداچوونی زیاتر، "سی پی تی" لە ٢٤ی مارسدا، جارێکی تر سەردانی ناوچەکەی کردەوە و لەگەڵ خێزانی هەر شەش قوربانییەکەدا کۆبۆوە، خێزانی قوربانییەکان کە زۆرینەیان جلی ڕەشی پرسەی خۆشەویستەکانیان تائێستاش هەر لەبەردابوو چیرۆکی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان بۆ "سی پی تی" گێڕایەوە.

براکەم لەگەڵ ئەوانی تردا سەرقاڵی ئیشکردن بوو، ڕاوە ماسی ئەکرد، بەڵام فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانی کردن

کۆبوونەوەی “سی پی تی” لەگەڵ خێزانی قوربانییەکان لە دێرەلووک

حەبیب، کە برای " حەیدەر"ە، گوتی: براکەم لەگەڵ چوار کەسی تردا چوون بۆ ڕاوە ماسی لە گوندی زیلێ، هیچ بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە دەوروبەری ئەو شوێنە نەبوو، براکەم لەگەڵ ئەوانی تردا سەرقاڵی ئیشکردن بوو، ڕاوە ماسی ئەکرد، بەڵام فڕۆکەکانی تورکیا هاتن و بۆردوومانی ئەو ناوچەیان کرد، دوو لە هاوڕێکانی براکەم شەهید بوون و مەیتەکانیان دۆزرایەوە بەڵام تائێستاش چارەنووسی براکەم و هاوڕێیەکی تری دیارنییە و نازانین بریندارن یاخود شەهید بوون، دەستگیرکراون یان چیان بەسەر هاتووە، حەیدەر و هاوڕێکانی زۆر بێتاوان بوون.  

"حەیدەر"، لەدوای خۆی چوار منداڵی جێهێشتووە، هاوسەرەکەی کە هەروەکو ژنەکانی تر لە کۆبوونەوەکدا جلی ڕەشی پۆشی بوو بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە بە ئەندامانی تیمەکەمانی دەگووت، هاوسەرەکەم پێشمەرگە بوو لە هێڵی پێشەوەی شەڕ بوو لە جەنگی دژ بە داعشدا، ئێستا چوار منداڵی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە و هیچ کەسێک نییە کە ئاگای لیێان بێت و ئێمەش خێزانێکی هەژارین، هیچ کەسێک نییە لێمان بپرسێتەوە، هەموو ئەوەی کە من دەمەوێت ئەوەیە کە چارەنووسی هاوسەرەکەم ئاشکرابکرێت بە زیندویی یاخود بە مردویی

چوار مانگە من بە هیوای گەڕانەوەی کوڕەکەم دەژیم، وەک دایکێک تا ئاشکراکردنی چارەنوسی کوڕەکەم وازناهێنم

"ڕێدار" یەکێکی ترە لە قوربانیانی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە، ئەویش تائێستا چارەنووسی دیار نییە و خێزانەکەی بەهیوای ئاشکراکردنی چارەنوسی کوڕەکەیانن، ڕێدار لەگەڵ "حەیدەر" و دوو هاوڕێکەی تریدا کە هەردووکیان ناویان ئازادە، پێشمەرگە بوون، بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە هەرێمی کوردستان نەیاندەتوانی بە تەنها بە مووچەی پێشمەرگایەتی بژین بۆیە بە ڕاوە ماسی لە هەوڵی پەیداکردنی بژێوی ژیان بوون بۆ خێزانەکانیان، "چوار مانگە هیچ هەواڵێکمان لە کوڕەکەمان نییە، هەندێک جار دەڵێن مردووە، هەندێک جار دەڵێن زیندووە، من بەهیوای گەڕانەوەی کوڕەکەم دەژیم، هیچ شوێنێک نەماوە کە بەدوایدا نەگەڕێین، بۆیە داوا لە خوا دەکەم کە چارەنوسی کوڕەکەم ئاشکرابکات بۆمان، وەک دایکێک تا ئاشکراکردنی چارەنوسی کوڕەکەم وازناهێنم" دایکی ڕێدار ئەمەی بە "سی پی تی" گووت.

کەسوکاری ڕێدار و حەیدەر بۆ زانینی هەواڵی کوڕەکانیان داوایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە لە ناوچەکە کە هەوڵی دۆزینەوەی کوڕەکانیان بۆ بدەن، بەڵام پارتی پێی وتوون کە کوڕەکانیان لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراون، کاتێک ئەوانیش داوا لە پەکەکە دەکەن کە ڕاستی ئەوایان پێبڵێن کە ئەو ڕۆژە چی ڕووداوە و کوڕەکانیان لە کوێن، گەریلاکانی پەکەکە پێێان دەڵێن کە بچن لە پارتی بپرسن چونکە ئەوان لە ناوچەکەدا دەسەڵاتیان هەیە و ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی ژیانی خەڵک نەوەکو پەکەکە، برا بچوکەکەی ڕێدار بۆ "سی پی تی" ڕوونکردەوە، کە براکەی جانتایەکی پێبووە و جانتاکەی وەکو خۆی لە شوێنی ڕووداوەکە بەجێماوە بەڵام هیچ شوێنەوارێکی براکەیان نە بەزیندووی نە بە مردووی لە ناوچەکەدا نابیندرێت، بۆیە پێی وایە کە براکەی دەستگیرکراوە و تائێستا لە ژیانداماوە.

"هەر لەهەمان کاتی بۆردوومانکردنی گوندی زیلێ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی هێتوتیشان بۆردوومان دەکرد، سەرباری تێکدانی ڕەزو باخی خەڵکی بێتاوان، دوو هاوڵاتی مەدەنیش بوونە قوربانی و شەهید بوون"

قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی ناکۆکییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی لە بەغداد ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمە وایکردووە کە هاوڵاتیان تەنیا پشت بە موچە نەبەستن بۆ بژێوی ژیانیان و بەڵکو کاری تر بکەن بۆ کۆکردنەوەی داهاتی زیاتر، "بەختیار و زیاد" بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەیان کاری هەنگەوانیان دەکرد، لە ڕۆژی ٢٣ی مانگدا کە بۆ چاودێریکردنی هەنگەکانیان چووبوونەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندەکەیانی کرد و دوای دوو ڕۆژ تەرمی هەردووکیان بە کوژراوی دۆزرایەوە.

ئێمە لەسەر گوند و شاخ و ناوچەی خۆمانین، ئێمە دەمانەوێت لە ئاشتیدا بژین کە چی ئەوان دێن لەسەر خاکی خۆمان دەمان کوژن

"لاییجان" خێزانی بەختیار بە "سی پی تی" گووت کە ئەو چەندین جار بە هاوسەرەکەی گووتووە کە نەچێت بۆ ئەم شوێنە لەوانەیە تورکیا بۆردوومانی بکات چونکە تورکیا جیاوازی ناکات لە نێوان هاوڵاتی مەدەنی و چەکدارانی پەکەکە، ئەو گوتی "بۆ ئەوان گرنگ نییە کە ئێمە چین، گرنگ ئەوەیە کە کوردین و ئەمان کوژن".

بەختیار و زیاد، بۆ چاودێریکردنی هەنگەکانیان مانگی دوو جار سەردانی شوێنی هەنگەکانیان دەکرد، دواین جار کە چوون بۆ شوێنی هەنگەکان ئەو کارەساتە ڕوویدا، " ئێمە لەسەر گوند و ناوچەی خۆمانین، کشتوکاڵ دەکەین و خەریکی ئاژەڵداری و هەنگەوانین، بەڵام تورکیا و گروپە چەکدارەکان شەڕ دەهێنن بۆ ناو ناوچەکانی ئێمە ئەوەی کە دەبێت بە قوربانی تەنیا خەڵکی گوند نشین و بێتاوانی سەر سنورەکانن، ئێمە دەمانەوێت لە ئاشتیدا بژین کەجی ئەوان دێن لەسەر خاکی خۆمان دەمان کوژن" ئەمە قسەی "خەم" خێزانی زیاد بوو.

دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر بۆردوومانەکانی تورکیا لە دەورووبەری ناحیەی دێرەلووک، کەسوکاری شەهیدەکان و خەڵکی ناڕازی ناوچەکە لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی یەکدا لە شیلادزێ خۆپێشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ بەردەم بارەگای سەربازی سوپای تورکیا لە کۆمەڵگای سیرێ و لەوێ سەربازانی تورکیا تەقەیان لە خۆپێشاندەرەکان کرد و لەئەنجامدا گەنجێکی تەمەن ١٤ ساڵ شەهیدبوو و نزیکەی ١٠ خۆپێشاندەریش لەو ڕۆژەدا برینداربوون، حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی و بۆمبی دەنگییەوە هەوڵی ترساندن و بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانەکەی دەدا بۆسەر بنکە سەربازییەکانی لە دەوورووبەری شیلادزێ، دوای ماوەیەک لە هێوربوونەوەی بارودۆخەکە سوپای تورکیا، هێزەکانی گەڕاندەوە بۆ بنکەکەی خۆی لە کۆمەڵگای سیرێ.

 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە، حکومەتی عێراقی سەرکۆنەی تورکیا دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە بە ئاژاوەگێر ناو دەبات
چیای مەتین، لە دێرەلووک

چیای مەتین، لە دێرەلووک

"هەڵکەوت" کە هاوڕێی یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو بۆردوومانانەی تورکیایە و پیشەی پارێزەرە، نیگەرانە لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو دەستدرێژیانەی کە تورکیا و ئێران دەیکەن بۆسەر خاکی عێراق و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمیش بە لاواز دەزانێت لە دژی حکومەتی تورکیا. "حکومەتی تورکیا لەسەر خاکی خۆمان دەمان کوژێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلهێزەکانیش بێدەنگیان هەڵبژاردووە، لەدوای خۆپێشاندانەکەی خەڵکی شیلادزێ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕێگەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراقەوە نامەیەکی توندی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کرد و سەرکۆنەی بۆردوومانەکان و کوشتنی گوندنشیانن و هاوڵاتیانی مەدەنی کرد لەسەر سنور، بەڵام حکومەتی هەرێم لەبری هەڵوێست نواندن بەرامبەر تورکیا ئێمەی بە ئاژاوە گێڕ و تێکدەر ناوبرد".

چەندین ساڵە، حکومەتی تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لەسەر چیاکان، بۆردوومانی ناوچە سنورییەکان دەکات و زۆرینەی قوربانییانی ئەو بۆردوومانانەش هاوڵاتی مەدەنی و بێ چەکی ئەو گوندانەن کە نزیکن لەسەر سنور، چەندین گوند بەهۆی بۆردوومانەکانەوە چۆڵ کراون و بەشێکی زۆری ڕەز و باخی گوندنشینان وێران کراون، گوندنشیانان داوای ژیانێکی ئاشتیانە و دوور لە شەڕ دەکەن و داوا دەکەن کە شەڕ و ئاڵۆزی لە سەر خاکی ئەوان بوەستێندرێت و حکومەتی تورکیا چیتر بۆردوومانی گوندەکانیان نەکات.

cptik