بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران لە سەرسنوور لە کوردستانی عێراق 2017-2019

سی پی تی چەندین بۆردومانی بە دۆکیومێنت کردووە کە لە لایەن هەر دوو سوپای تورکیا و ئێرانەوە ئەنجامدراون دەرهەق بەو خێزانانەی لە گوندەکان و نشینگە وەرزییەکاندا دەژین بەدرێژایی سنوورەکانی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران. بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران پەرەسەندنیان بە خۆوەبینی لە ماوەی ساڵی رابردوودا، کە بوونەتە هۆی کوشتن و برینداربوونی چەندین کەسی سیڤیل، هەندێك لەوان ڕاستەوخۆ بەئامانج گیراون. سی پی تی و هاوبەشەکانی بانگەواز لە حکومەتەکانی تورکیا و ئێران وعێراق و کوردستانی عێراق،هەروەها، گروپە چەکدارییەکانی بەرگریی- مقاوەمەت دەکەن، کە بچنە دانوستانە دیپلۆماتییەکانی ئاشتییەوە وەك ئامرازێك بۆ چارەسەرکردنی ململانێ لە ناوچەکەدا.

کوردستانی عێراق ، کە دەکەوێتە بەشی باکوری عێراق، هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەرێتی- ئۆتۆنۆمییە، هاوسنووری تورکیایە لە باکور و ئێران لە رۆژهەڵات،و سوریا لە خۆرئاوا.

 

ماوەی زیاتر لە 30 ساڵه ، حکومەتەکانی تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە هەڵمەتێکی بۆردومانکردن لە سەر سنوور دژی چەند گروپێکی چەکداریی کە لەناو کوردستانی عێراقدا چالاکن.  گروپەکان لەوانە پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”  و حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دامەزراون بۆ ئەوەی خەبات بکەن لە پێناو چارەی خۆنووسین و دژی پەراوێزخستنی سیاسیی و چەوساندنەوەی خەڵکی کورد لە تورکیا و ئێراندا.

 

ململانێ چەکدارییەکان، هەروەها بۆردومانی بەردەوامی کوردستانی عێراق، بە سەختیی کاردەکاتە سەر ژیانی گوندنشین و جڤاتە کۆچەرییەکان.  دەیان ساڵ لە جەنگ بەردەوامە لەسەر ئەوەی ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە مەڕوماڵات و زەوی و زار و برینداریی و مەرگی خەڵکی سیڤیل.

 

 

 

برینداریی و مەرگ

 

بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران کۆتاییان هێنا بە ژیانی زۆرێك لە خێزانەکان لە کوردستانی عێراقدا. کەچی هەر دوو حکومەتی تورکیا و ئێران نکۆڵیی دەکەن لەوەی ئەو هێرشانە خەڵکی سیڤیل بەئامانج دەگرن، سی پی تی چەندین حاڵەتی دۆکیومێنت کردووە کە دەیسەلمێنن ئەم نکۆڵییە ڕاست نییە.

لە ساڵی 2018 ەوە، بۆمبارانە ئامانج گرەکانی تورکیا و ئێران پەرەیان سەندووە، و بەرکەوتووانی سیڤیلیش بەردەوام لە زیادبووندایە.

 

لە 28 ی حوزەیرانی 2018 ، سوپای تورکیا گوندنشینەکان و منداڵەکانیانی بە ئامانج گرت لە نزیك گوندی هالانیا. لە مەودای بینینێکی ڕوونەوە  لە نزیك بنکەیەکی سەربازیی لەناو کوردستانی عێراقدا، سوپای تورکیا ئاگری باراند بەسەر خێزانەکاندا ئەو دەمەی گوێزیان دەچنییەوە و کچێکی هەرزەکاریان کوشت. دونیا ڕەشید تەمەنی تەنیا 19 ساڵ بوو، لە ناو کۆمەڵێك منداڵدا ڕاوەستابوو کاتێك سوپای تورکیا هاوەنێکی تەقاند ڕاستەوخۆ بە ئاراستەی ئەو کۆمەڵەیە، و دەستبەجێ ئەوی کوشت. ئەو کات گوندنشینان هەواڵیاندا کە سەربازانی تورك لە بنکەکەوە هاتونەتەخوارو ئەو گولە هاوەنەیان هەڵگرتۆتەوە کە دونیای کوشت و شاهیدەکانیان ڕێنمایی کردووە بڵێن پێی ناوە بە مینێکی زەمینییدا.

 

 

لە قەزای رانیه، بۆردومانی ئاسمانیی هاوشێوەی تورکیا چوار هاوڕێ و خزمی کوشت: بێژەن مستەفا،محەمەد ئیسماعیل،دەرباز محەمەد و شارۆ مەحموود. ئەو پیاوانە پێکەوە نەورۆزیان پیرۆزدەکرد لە خانووە هاوینەییەکەیان لە گوندی سەرکانی دۆڵی باڵەییان. لە 1:15 پاش نیوەشەوی 22 ئازاری 2018 ، فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا بۆمبگەلی خستەخوارەوە بەسەر خانووەکەدا و ئەو چوار پیاوەی کوشت.

 

 

لە 23 کانوونی دووەمی 2019، لە ناحیەی دێرەلوك، فڕۆکە تورکییەکان چیای مەتین و زەوییەکانی دەوروبەریان بۆردومان کرد.ئەم بۆردومانە بۆ ماوەی زیاتر لە کاژێرێك بەردەوام بوو،چوار کەسی سیڤیلی کوشت. دوو کەسی سیڤیلی تریش دیارنەمان پاش بۆردومانەکە، تا ئەمڕۆش سۆراخیان نەزانراوە بۆ کەسوکاریان.

 

 

هەروەها سی پی تی رووداوگەلی  دۆکیومێنت کردووە کە تیایاندا  خێزانەکان کوژراون بە بۆردومانە ئامانج گرەکان کاتێك ئەو خێزانانە تەنها بە ڕێگەکاندا ڕۆیشوون لەناو کوردستانی عێراق.

 

 

لە 27ی حوزەیرانی 2019 دا، سوپای تورکیا موشەکێکی نا بە ئۆتۆمبێلەکەی عەبدوڵا عەلی میناوە و خۆی کوشت لەگەڵ کچەکەی ، کوردستان،و کوڕە تەمەن 17 ساڵانەکەی، هەریاد.هەروەها تەقینەوەکە پێنج ئەندامی تری خێزانەکەی بریندارکرد لەوانە هاوژینەکەی. ئەوان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە پاش گەشتێکی ڕۆژانە بۆ زەوییەکانی خانەوادەکەیان لە گوندی ئاشقۆلکە لە نزیك سەنگەسەر. ڕاپۆرتە بەراییەکان وادەڵێن کە ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە لە ناوچەکەدا بووە و سوپای تورکیا هێرشی کردۆتە سەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکە.

لە 13 ی تشرینی یەکەمی 2017 دا، هیمداد عوسمان کوژرا بە بۆردومانەکانی تورکیا ئەو کاتەی لە ڕێگەدا بوو بۆ گوندی خانەوادەکەی کە گوندی بەرمیزەیە لە دووری چەند میلێکەوە لە شەڕڤانانی بەرگری چەکدارانە کە لە دژی تورکیا شەڕدەکەن لە چیاکانی پشت بەرمیزە. هیمداد لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا بوو کاتێك کوژرا و لە پاش خۆی دایك و باوکی وهاوژینەکەی و کوڕە ساواکەی بەجێهێشت.

   سوپاکان و داگیرکاریی هەر دوو حکومەتی تورکیا و ئێران ژمارەیەك بنکەی سەربازییان بنیاتناوە بە درێژایی سنوری کوردستانی عێراق وەك ئامرازگەلێك بۆ خستنەگەڕی هێرشەکان بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لەم ناوچە شاخاوییەدا. لە پاڵ ئەمەشدا، سوپای تورکیا شوێنگەلی پاسه‌وانی سه‌ربازیی بنیاتناوە لە دەیان کیلۆمەتر لەودیو سنوورەوە بۆ ناو کوردستانی عێراق. باس لەوە کراوە کە زیاتر لە 110 گوند لە کوردستانی عێراق لە بن داگیرکاریی سەربازیی تورکیادا دەژین. گوندنشینەکان و جوتیارە کۆچبەرەکان هەواڵی ئەوەیان داوە کە ئەوان ناتوانن بڕۆن بۆ کێڵگەکانیان بەهۆی ئەم بوونە سەربازییەی تورکیاوە. هاوبەشێك گوندەکەیانی بە بەندیخانە چوواند و وتی،" ئێمە ناتوانین بڕۆین بۆئەوەی ئاگامان لە کێڵگەکانمان و ئاژەڵەکانمان بێت. ئێمە ناتوانین بڕۆین بۆ زەوییەکەمان." لەپاڵ ئەوەدا کە نەتوانن بڕۆن بۆ سەر زەوییەکانیان، گوندییەکان لە بن داگیرکاریی سەربازیی تورکیادا لێیان دەدرێت بە هێرشەکانی تۆپخانە و هاوەن.بوونی بنکە تورکییەکان لە نزیکییەکی زۆرەوە لە گوندەکان ململانێکەی لەگەڵ پەکەکەدا نزیکتر کردۆتەوە لە خەڵکی سیڤیل. لە 7 ی حوزەیرانی 2019 دا، پێکدادانێکی چەکداریی لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”  و سەربازە تورکەکانی جێگیر لە دیده‌بانییەکی سه‌ربازیی نزیك لە زاخۆ هەڵگیرسا. وەك وەڵامدانەوە، سوپای تورکیا فڕۆکە و فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئاراستەکراو نارد بۆ بۆمب بارانکردنی گردەکان و دۆڵەکانی دەوروبەر. خێزانێك کە لە ناوچەکە هەڵهاتبوو بە هێرشێکی ئاسمانیی لێی درا، و بۆمبەکانیش پارچەی کوشندەیان بە سەرتاسەری ناوچەکەدا لە هەوادا بڵاوکردەوە. کاریگەرییەکە بووە هۆی ئەوەی پەنجەرەکان لە گوندەکانی دراوسێ بشکێن.

 

ئاوارەبوون

bomb.jpg

لەگەڵ بەردەوامبوونی هەر دوو سوپای تورکیا و ئێران لەسەر بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی عێراق، خێزانەکان ئاوارە دەبن لە زەوییەکانیان بۆ دەیان ساڵ و هەندێك جاریش بە درێژایی ژیان. بەهۆی کەمی بەڵگەسازییە حکومییەکانەوە لەمەڕ ژمارەی کەسانی ئاوارەبوو، مێژووی زارەکیی لە خێزانە بەرکەوتووەکانەوە هەندێك جار تاکە سەرچاوەن کە هەن.

تۆپبارانی قورسی ئێران لە سیدەکان لە ماوەی حوزەیرانی 2019 دا، ژمارەیەك لە خێزانەکانی ناچارکرد کە شوێنەکانیان بگۆڕن، لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ڕابردووی تورکیا لە شێروان مەزن وایانکردووە لە 90 % ی زەوییەکانی ئەو ناحیەیە بە ناوچەی قەدەغەکراو ناوزەدبکرێن.

زۆرێك لە خێزانەکان ناتوانن بەرگەی ڕۆیشتن بگرن یان سوورن لەسەر ئەوەی بمێننەوە لەسەر ئەو زەوییەی نەوە لە دوای نەوە لە خێزانەکانیاندا بووە. بۆ ئەوانەی کە توانای دامەزراندنی نشینگەیەکی تازەیان هەیە، سەلامەتییان زامن کراو نییە. زۆر جار گوندە تازە دروستکراوەکان ، وەکو سەرگەلی لە قەزای ئامێدیی، دوچاری بۆردومانەکان بووە و خەڵکە سیڤیلەکەش بەردەوامن لەوەی لە ژێر هەڕەشەی توندوتیژیدا بژین.

 

تراوما-زەبری دەروونیی

 

لە هەموو ئەو کەیس-حاڵەتانەی بۆردومانەکانی سەر سنووردا کە سی پی تی دۆکیومێنتی کردوون کاریگەریی زەبرکارییەکی دەروونیی بەرچاو و توند لەسەر خەڵکی سیڤیل هەبووە. هەرە زەقترینیان ئەو کاریگەرییانەن لەسەر خێزانەکان کە دووچاری زیانی مرۆیی بوون هەروەها منداڵان کە بەسەرهاتی بۆردومانە کاریگەرەکانیان بینیوە. فڕۆکە جەنگییەکان و درۆن- فڕۆکە ئاراستەکراوەکان و نزیکایەتییەکی زۆری گوندەکان لە بنکە سەربازییە تورکیی و ئێرانییەکانەوە زۆرێك لە خێزانەکانی ناچارکردووە لە ترسدا بژین لە هێرشەکانی  داهاتوو.

بۆ زیاتر لە دوازدە ساڵ سی پی تی ئەم کاریگەرییە شۆكپێده‌رانه‌ی دۆکیومێنت کردووە لە قەزای پشدەر. گوندنشینێك گوزارشتی کرد لەوەی کە تەنیا بۆ ماوەی یەك ساڵ ئاشتی جێگیردەبێت. ئەو وتی منداڵەکان نەیاندەزانی کە چۆنە ئەگەر بژیت بە بێ فڕۆکە جەنگییەکان و دایكان و باوکان دەترسن لەوەی ئەوان لە شەودا دەمرن. گوندییەکان باس لەوە دەکەن کە نەزانینی ئەوەی کەی هێرشی داهاتوو ڕوودەدات بووەتە هۆی ئاستە بەتینەکانی دڵەڕاوکێ. ژمارەیەك لە گوندییەکان بە (سی پی تی) یان وت کە تەنانەت دەنگگەلێکی نزمیش وایان لێدەکات لە جێی خۆیان بەرزببنەوە یان وابزانن کە وا خەریکە جارێکی تر بۆردومان دەکرێن. 

 

ده‌رئه‌نجام

 

وەك لەم ململانێیەوە کە نەوەیەك درێژەی کێشاوە دەردەکەوێت، تاکتیکە سەربازییەکانی هەنووکە بە ناکاریگەر دەمێننەوە بۆ هێنانی ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ناوچەکە. خەڵکی سیڤیل کە گیریان خواردووە لەناو ئەم ململانێیانەی سەر سنووردا زیانێکی مرۆیی بەرچاو و مەرگی کەسوکاریان و زیانگەیشتن بە موڵکەکانیان و لە دەستدانی بژێوییەکانیان بەرکەوتووە هاوکات لەگەڵ کاریگەرییە شۆکپێدەرە درێژخایەنەکان. بە ئامانج گرتنی گوندنشینان و کێڵگەکان پێشیلکاریی یاسا نێدەوڵەتییەکانن و لەگەڵ ژیانێکی تەندروست بۆ خەڵکی سیڤیل  لە ناوچەکانی سنووردا نایەنەوە. لەپاڵ ئەمەدا، لە دەستدانە کشتوکاڵییەکان دەبنە هۆی بارگرانیی بەسەر ئەو کەرتە داراییەی هەرێمەوە کە خۆی لە خۆیدا نالەبارە و کاریگەریی بۆسەر تەواوی کوردستانی عێراق هەیە. 

هیچ سیستمێکی متمانەپێکراو بۆ یارمەتیدان لە کاتەکانی قەیرانەکاندا و بۆردومانی قورسدا، هەروەها هیچ پلانێك بۆ نیشتەجێکردنەوەی کەسە ئاوارەبووەکان لە ئارادا نین بۆ قوربانیانی هێرشەکانی سەرسنوور لە کوردستانی عێراق. لەپاڵ نەبوونی پشتیوانیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گوندییە ئاوارەبووەکان کە گیریان خواردووە لە ململانێی سەر سنوور شیاو نین بۆ پرۆگرامە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان بەو پێیەی داراییەکان بە شێوەی سەرەکیی تەرخاندەکرێن بۆ ئەوانەی کەوتوونەتە بەر کاریگەریی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) دا. سی پی تی بانگەواز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە حکومیی و ناحکومییەکان دەکات، هەم ناوخۆیی هەمیش نێودەوڵەتییەکان، بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکان لەسەر گوندنیشینە ناوخۆییەکان لەم ناوچە سنووریانەدا بە ئامانجی دابینکردنی یارمەتیی دەستبەجێ و زامنکردنی پارێزگاریی.

سی پی تی وای دەبینێت کە پێویستییەکی هەنوکەیی هەیە بۆ گفتوگۆی دیپلۆماتیی ئاشتیی لە نێوان لایەنە پەیوەندییدارەکان لەم ململانێیانەدا. زیاتر لەوەش، ئێمە هانی کۆمەڵی نێودەوڵەتیی دەدەین، لەنێویدا ئەو وڵاتانەی پەیوەندیی دیپلۆماتییان هەیە بۆ هێنانەکایەی لایەنەکان بۆ یارمەتیدان لە برەو پێدانی کەشێك کە تیایدا ئەم گفتوگۆیانە ئەنجام بدرێن.

cptik