" کچەکەم ژیانمە"

دوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان. "سی پی تی" چاویکەوت بە "سنور کەریم محەمەد"، کە باسی لەو هەڕەشانەکرد کە لەسەر ژیانی خۆی و کچەکەی کراوە. هەموو ساڵێک لەڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمدا کچان و ژنان بەشداری دەکەن لە کەمپەینی نێودەوڵەتی بۆ چالاکی لە دژی توندوتیژی جێندەری.


سنور بە "سی پی تی" گووت "لە ڕابردوودا چالاکوانی سیاسی بووم، لە ٢٠١٣ خۆم کاندنید کرد بۆ پەرلەمان. بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٥ تەنیا وەک چاکوانی بواری مەدەنی و نوسەرێک کارم کردووە. من دەربارەی کێشەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ بۆ گۆڤار و ڕۆژنامەکان دەنووسم و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش نوسینم هەیە و بەشداری چەندین چاوپێکەوتنم کردووە لە میدیاکاندا. لە ٢٠١٥ یەکێک بووم لە دەستەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانی مامۆستایان. لەماوەی خۆپێشاندانی مامۆستایاندا چەندین جار ئاسایش دوام کەوتووە. جارێکیان کەسێک تێزابی کرد بە سەیارەکەمدا. لەساڵی ٢١٠٦دا هاوسەرەکەم کە ڕۆژنامەوان بوو لە ڕووداوێکدا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا. "ئەو ڕوماڵی شەڕی داعشی دەکرد" لەدوای مردنی ئەوە هەڕەشەی زیاترم لێکرا.کەسێک لە ئینیستاگرام پەیامێکی بۆ ناردم و پێی گوتم " چوار کامێرامان لە ماڵەکەت و ژوری خەوتن و گەرماوی ماڵەکەتدا داناوە. ئێمە بە ئۆتۆمبێلێکی ڕەش دوات دەکەوین". مامۆستا سنور چەندین جار ئەو ئۆتۆمبێلەی بینیوە کە دوای کەوتووە.


وە هەروەها سنور گوتی " ئەوان پێیان گوتووم کە دەبێت ئیشمان لەگەڵدابکەیت و وازبێنیت لە کاری چالاکوانی، ئەگەر وازنەهێنیت ئەوا دەتکوژین، لە دوای ٦ مانگ ئەکاونتی ئینیستاگرامەکەم ناچالاک کرد. دوای ماوەیەک کەسێکی تر پەیوەندی پێوە کردم. تەلەفونی بۆ کردم و گوتی " ئەو هەڕەشانەی کە لێتکراوە هەڕەشەی جددین، ئەوان دەیانەوێت زەربەیەکت لێبدەن. ئەو هەمان کەس بوو کە هەوڵیدەدا بموەستێنێت لەکاری چالاکوانی. ئەو گوتی کە کوردستانی جێهێشتووە و ئێستا لە تورکیا دەژیت. لەبەر ئەوەی ئەو نەیتوانیبوو کە بڕوام پێبێنێت کە پەیوەندی بە گروپەکەیانەوە بکەم و وازبێنم لە چالاکوانی ئەو لە گروپەکە ڕایکردبوو. لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ کەسێک ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی منەوە دروستکردبوو، پەیوەندی کردبوو بە هاوڕێ و خوێندکارەکانم وای نیشاندابوو کە منم قسەیان لەگەڵ دەکەم، بەشێوەیەکی ناشیرین قسەی لەگەڵ کردبوون. خوێندکارەکان هەستیان بەوە کردبوو کە ئەوە ئەکاونتێکی ساختەیە، ئەو داوای لێکردبوون کە شتی خراپ دژی من ئەنجام بدەن"


"لە ٢٣ تشرینی دووەمدا، تەلەفونێکم بۆ کرا لەلایەن ژمارەیەکی نەناسراوەوە، من وەڵامم نەدایەوە، دواتر لەڕێگەی ڤایبەرەوە پەیامێکیان بۆ ناردم، لە پەیامەکەدا هاتبوو، دەتوانین بە ئاسانی زەڕبە لە کچەکەت بدەین، کچەکەم تەمەنی ٨ساڵە، ئەوان هێڵی سوریان بەزاندووە، من لە ژیانی خۆم ناترسم، من بڕوام بەوە هەیە کە دەیکەم، بەڵام کچەکەم ژیانی منە، ئەو لە دۆخێکی خراپ دابوو کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بگەڕێتەوە بۆ دۆخێکی باش".


سنور گوتیشی "هەر لەوکاتەوەی کە ئەو نامانەم بۆ هاتووە من پۆلیسم ئاگادار کردۆتەوە، قسەم لەگەڵ لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان کردووە و ئەوان گوتیان ئێمە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەت دەکەین. وە هەروەها لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤیش قسەم کردووە. پۆلیس گوتی زۆر قورسە بتوانین ئەوە بدۆزینەوە کە ئەم ژمارەیە هی کێیە کە هەڕەشەی لێتکردووە چونکە بەرنامەی "ڤی پی ئێن"ی بەکارهێناوە". دوێنێ یەکێک لە مامۆستا هاوکارەکانم هەندێک ڕەسمی بۆ ناردبووم، بەڵام ڕەسمەکانم بەدەست نەگەیشت. لەوانەیە ئەوان کۆنتڕۆڵی مۆبایلەکەشمیان کردبێت".


"بەڕیوەبەری قوتابخانەکەم و مامۆستا هاوکارەکانم زۆر پشتیوانیم دەکەن لەو دۆخەدا. ئەوان ئاگادارن لەو هەڕەشانەی کە لێمکراون. وە شۆفێری ئەو پاسەی کە کچەکەم هاتوچۆی لەگەڵ دەکات ئەویش دەربارەی دۆخەکە دەزانێت و بە وریاییەوە مامەڵە دەکات و لەگەڵ کچەکەمدا دەبێت تاوەکو دێتە ناو پاسەکەوە یاخود لە پاسەکە دەچیتە دەرەوە ئەو دەستی دەگرێت."

من داوا دەکەم کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربارەی کەیسەکەم بزانێت، بۆ ئەوەی ببین کە چۆن ئافرەتێکی تەنیا یاخود دایکێک بە ئاسانی ئازار دەدرێت لەم کۆمەڵگایەدا


سنور جەختی لەوە کردەوە "من داوا دەکەم کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربارەی کەیسەکەم بزانێت، بۆ ئەوەی ببین کە چۆن ئافرەتێکی تەنیا یاخود دایکێک بە ئاسانی ئازار دەدرێت لەم کۆمەڵگایەدا."


"سی پی تی" داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چالاکوانان دەکات لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ ئەوەی چیرۆکی سنور ببیستن.

بە تایبەتی لەم کاتەدا چیرۆکی سنور زۆر گرنگە. لە کاتێکدا کە کەمپەینی ڕێگریکردن لە توندوتیژی جێندەری دژی ژنان بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئێمە وشیاری دەدەین کە توندوتیژی جێندەری دژ بە ژنان لێرە و لە تەواوی جیهاندا هەر بەردەوامی هەیە. بە پێی ئەو ئەزموونەی کە وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بوارەکانی مافی مرۆڤ هەمانە، هەرێمی کوردستانی عێراق شوێنێکی سەلامەت نییە بۆ ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ و چالاکوانان کە بەبێ ترس قسە بکەن.


cptik