"چ هیوایەک بۆ ئێمە لەوێ هەیە؟"

خانەوادەی “زەیتوون” لەگەڵ ئەندامانی “سی پی تی”دا. کاک “قادر” باوکی زەیتوون لەلای ڕەستی وێنەکە وەستاوە. “عەلی” کە بەهۆی تۆپبارانەکەی ئێرانەوە برینداربوو، لە ناوەڕاستی وێنەکەیە و لەسەر کورسیەکی ویلدار لە تەنیشت خاتوو “بەیانی” دایکیەوە دانیشتووە.

خێزانێک کە منداڵێکی ١٨ ساڵانەیان لێ شەهیدکراوە بەهۆی تۆپبارانکردنی ئێرانەوە داوای هاوکاری دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کوڕە بریندارەکەیان.

 

“زەیتون” تەمەنی ١٨ ساڵان بوو کاتێک تۆپبارانەکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی هێنا. کاک “قادر” کە باوکی زەیتوونـە بە "سی پی تی" ڕاگەیاند کە "ئەگەر لە ژیاندا بوایە ئەوا ئەمساڵ قۆناغی ئامادەیی بەشی زانستی تەواو دەکرد"!

لەپاشنیوەڕۆی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩ زەیتون تازە دەستی کردبوو بە ئامادەکردنی نانی نیوەڕۆ بۆ خۆیی و برایەکانی، "سیروان"ی ١٦ ساڵ و "عەلی"ی ٢١ ساڵ. کاتێک تۆپبارانەکان لە نزیک بێستانی تەماتە و خەیاری ئەو خێزانە لە بەرزاییەکانی گوندی "بەربزین" دەستیان پێکرد کە دەکەوێتە ناحیەی "سیدەکان". زەیتون و دوو برایەکەی بە تەنها لە کێڵگەکە مابوونەوە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەش چوبوون بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی دۆستێکیان لە "دیانا".

زەیتوون قادر تەمەنی ١٨ ساڵ بوو کاتێک لە ١٠ی تەموزی ٢٠١٩دا تۆپبارانەکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی هێنا.

بەپێی وتەی دانیشتوانی ناوچەکە، هێزەکانی ئێران ناوچەی "بەربزین"یان بۆ ماوەی زیاتر لە کاژێرێک بە ٤٠ تۆپ ببۆردوومانکرد، یەکێک لە تۆپەکان ئەم خێزانە دەپێکێت و زەیتون شەهید دەبێت و عەلی و سیروانیش زۆر بە سەختی بریندار دەکات. پزیشکەکان ١٦ ساچمەیان لە جەستەی "عەلی" دەرهێنا. چاوێکی بەتەواوی لەدەست داوە و قاچ و پێیەکانیشی بە سەختی بریندار بوون، ساچمەیەکیش بەر ئەنیشکی سیروان کەوتووە.

 

 خێزانی زەیتوون وەکوو زۆربەی خانەوادەکانی دیکەی باشووری کوردستان کە لە ناوچە سنوورییەکان دەژین، کۆچ دەکەن و کوێستان و گەرمیانیان هەیە لە نێوان شار و گوند. ئەم خێزانەش وەکوو زۆرێک لە خێزانەکان تەنیا سێ مانگی هاوین دەڕۆن بۆ کوێستانەکان و کاتەکانی دیکە لە شاری دیانا ژیانیان بەسەر دەبەن و زەیتون و خوشک و برایەکانی هەر لەوێش درێژەیان بە خوێندنەکەیان داوە و چوون بۆ خوێندنگە. لە سێ مانگی هاوینیشدا ئەم  خێزانە چوون بۆ کوێستانەکان و خەریکی هەنگەوانی، ئاژەڵداری و باخداری بوون لە نزیک ماڵەکەیان لە گوندی "بۆڵێ" کە ناوچەیەکی بەپیتە لە بەرزاییەکانی بەربزین لە زنجیرە چیایەکانی سنووری نێوان ئێران و عێراق. بەرهەمی هەنگوین و سەوزەواتی وەکوو: خەیار و پیاز و تەماتە، هاوکات لەگەڵ میوەی جۆراوجۆری وەکوو: خۆخ و سێو و هەنجیر و گوێز بەشێکی گرنگیان لە خۆراکی ئەم  خێزانە پێك دەهێنا کە بەشی ساڵەکەی دەکرد.

لە ساڵی ٢٠١٦ پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران ناوچەکانی دەورووبەری بەربزینیان بەکارهێنا بۆ چالاکییەکانیان دژی هێزەکانی سوپای ئێران کە بنکە و بارەگەیان لەو زنجیرە چیایە داناوە. لەو کاتەوە سوپای ئێران دەستی کردووە بە تۆپبارانکردنی ئەم ناوچە کشتووکاڵییە بەپیتە کە شوێنگەی ژیانی زیاتر لە سەد خێزانی کوردە. بۆردوومانەکان بوونەتە هۆکاری دروستبوونی پشێوی گەورە لەو ماوەیەدا کە خەڵک دەچن بۆ کوێستانەکان و چالاکی کشتوکاڵی چڕ لەو ماوەیەدا دەکرێت، هەروەها بوونەتە هۆکار بۆ سووتانی دەغڵودانی ناوچەکە و وێرانکردنی خانووەکان و بریندارکردنی گوندنشینان و دەربەدەرکردنیان بۆ ناوچەکانی دیکە.

 

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای جۆراوجۆرەوە پێویستە هێزە سەربازییەکان توانای ئەوەیان هەبێ کە سەربازەکان بکەنە ئامانج نەک خەڵکی مەدەنی، منداڵەکانی من شێوەیان لە سەربازەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران نەدەچوو!

کاک قادر بە ئەندامانی "سی پی تی" گوت" ماوەیەکی زۆرە هەرێمەکەمان بۆردوومان دەکرێت، لەم سەردەمەدا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای جۆراوجۆرەوە پێویستە هێزە سەربازییەکان توانای ئەوەیان هەبێ کە سەربازەکان بکەنە ئامانج نەک خەڵکی مەدەنی، منداڵەکانی من شێوەیان لە سەربازەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران نەدەچوو!".

 

ڕێکخراوی"سی پی تی" لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ سەردانی خێزانی زەیتونی کرد لە  دیانا و چاوی کەوت بە "بەیان" خانی دایکی و کاک "قادر"ی باوکی و چوار خوشک و براکەی و دوو خزمی نزیکیان. لە کاتی پێشکەشکردنی چا و میوە ئەندامانی خانەوادەکە وردەکاری ڕۆژی بۆردوومانەکە  و هاوکات بارودۆخی ئێستای ژیانیان بۆ "سی پی تی" باس کرد.

ئەندامانی خانەوادەکە ئەوەیان بە "سی پی تی" ڕاگەیاند کە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری دارایی پێشکەش کردوون بۆ چارەسەرکردنی عەلی. هەرچەندە پارەکە بەشی پێوسیت نەبووە و ئەو بڕەی وەریان گرتووە تەواوی خەرجییەکانی دەرمان و نەشتەرگەرییەکانی پڕ نەکردۆتەوە و خۆیان ناچار بوون ٢٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی خەرج بکەن بۆ کوڕەکەیان. عەلی پێویستی بە چارەسەری زیاتر هەیە کە بەداخەوە خێزانەکە دەرامەتی پێویستیان لەبەردەست نییە.

کاک قادر گوتی:"هەرچەندە لە مانگی تەموووزەوە تا ئێستا ئێران تۆپبارانی زەوییەکانی گوندەکەمانی نەکردووە بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار ناوچەکەیان بۆردوومان کردووە و ئێمەش بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە بەرهەمە کشتووکاڵییەکانمان لەدەستداوە".

ئەم  خێزانە بەدوای هاوکاری داراییدا گەڕاون و داوای قەرەبووکردنەوەیان لە وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی ئێران کردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێکیان دەست نەکەوتووە. ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و دوو ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی سەردانی ئەم  خێزانیان کردووە. ئەوەشیان دووپات کردەوە کە هیچ هاوکارییەکیان پێنەگەشتووە.

یەکێک لە ئەندامانی خیزانەکە پرسیاری لە "سی پی تی" کرد و گووتی: "هیچ ڕێكخراوێک دەناسن کە بتوانێ عەلی بباتە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی چارەسەرێکی باش وەربگرێت و ژیانێکی باشتری هەبێت؟ هیچ داهاتوویەک بۆ ئەم کوڕە لەم وڵاتە نییە. ناتوانێت کارێکیش بدۆزێتەوە بەم هەموو برینانەوە"

کاک قادر ئاهێکی هەڵکێشا و گوتی" هەموو جیهان وێنەی منداڵانی ڕۆژئاوایان بینی کە بەهۆی چەکی کیمیاییەوە سوتابوون، ئەگەر جیهان بۆ وەستاندنی ئەمە نەیەتە دەنگ ئەی چ هیوایەک بۆ ئێمە لەوێ هەیە؟"

—————————————————————————————————————————————

کاک “قادر” ئاماژە بە وێنەی ئەو منداڵانە دەکات کە خراپ سووتاون بەهۆی فسفۆڕی سپی کە باس دەکرێت چەکدارانی سەر بە تورکیا بەکاریان هێناوە لە کاتی داگیرکردنی ڕۆژئاوا، باکووری سووریا لە تیشرینی یەکەمی ٢٠١٩.

cptik