پێنجوێن “سەبەتەی خۆراک” بوو بە سیمبولی چالاکی ناتوندوتیژی لە کوردستانی عێراق

محمد صڵاح

قەزای پێنجوێن دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سلێمانی، لەسەر سنووری ئێران. ژمارەی دانیشتوانی ٥٥ هەزار کەسە. پێنجوێن بە شاخی بەرز دەورە دراوە، لە وەرزی زستاندا دەبێتە ساردترین ناوچەی هەموو عێراق. بەهۆی هەبوونی دەروازەیەکی سنوری گەورەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران، پێنجوێن سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. بەو پێیەی خاکی ناوچەکە بەپیتە بۆ کشتوکاڵ، پێنجوێن لەلایەن خەڵکەکەیەوە بە “سەبەتەی خۆراکی عێراق و کوردستان” ناودەبرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم ٢٤ کاژێر کارەبای بۆ ئەم قەزایە دابین دەکرد، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بتوانن لە سەرمای زستان ڕزگاریان بیت لە کاتێکدا پلەکانی گەرما بۆ-١٠، یان تەنانەت -٢٠ پلەی سەدی دادەبەزن. نەوتی سپی یەکێکی ترە لەو سەرچاوانەی کە خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەکاریدەهێنن. هەر خێزانێک لە ساڵێکدا لانیکەم ٣-٤ بەرمیل نەوتی سپی بۆ گەرمکردنەوە بەکاردەهێنێت و ئەمساڵ هەر خێزانێک تا ئێستا تەنها یەک بەرمیل نەوتی سپی لە حکومەت وەرگرتووە. جگە لەوەش وەزارەتی کارەبا کارەبای بۆ شارۆچکەکە لە٢٤ کاتژمێرەوە بۆ ٢٠ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە.

خەڵکی شارەکەوقایمقامی پێنجوێن چەندین جار داوایان لە حکومەت کردووە کە نەوتی سپی و کارەبای پێویست دابین بکات بۆ ئەوەی سەرمای زستانی ئەمساڵ بەڕێ بکەن، بەڵام حکومەت خەڵکی بێهیوا کرد بە گوێنەدان بە داواکارییەکانیان.

چالاکوانان و خەڵکی پێنجوێن بە بوێری و ئیرادەیەکی زۆرەوە خۆیان ڕێکخست و لە دژی پشتگویخستنی حکومەتەکەیان چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ هەزاران کەس ئەو ڕێگا سەرەکییەیان داخست کە بەقەزاکەیاندا تێدەپەڕێت. جموجۆڵی سەرجەم ئەو بارهەڵگرانەی کە کەلوپەل و نەوت و خۆراکیان هەڵگرتبوو ڕاگرت کە لە ڕێگای دەروازەی سنووری باشماخ هاتووچونیان هەبوو. خۆپیشاندەران خێمەیان لەسەر ڕێگاکە دانا و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بە شەو و ڕۆژ بە ئارامی و هێمنییەوە لەوێ مانەوە لەکاتێکدا بەفر لە قەزاکەیاندا دەباری. وەک پشتگیرییەک بۆ خۆپیشاندەران، سەرجەم دوکان و شوێنە بازرگانییەکانی قەزاکە داخران. چێشتخانەکان بە پاڵپشتی خەڵکی دەوڵەمەند ڕۆژانە سێ ژەمیان بۆ خۆپیشاندەران و هەروەها بۆ شۆفێرانی بارهەڵگرەکان ئامادە دەکرد.

چالاکوانان و پەرلەمانتارانی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان بەمەبەستی دەربڕینی هاوسۆزی خۆیان سەردانی خۆپیشاندەرانیان دەکرد. میدیا ناوخۆییەکان ڕووماڵ و ڕاپۆرتیان لەسەر ئەوچالاکییە ناتوندوتیژانە بڵاودەکردەوە. لە سێیەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکەدا کاک زانا قایمقامی قەزاکە چووە ناو خۆپیشاندەرانەوە و بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە وەک هاوسۆزیەک لەگەڵیان دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە. لە پێنجەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکەدا، ئەندامانی تیمەکانی بونیادنەری ئاشتی کۆمەڵگە و فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە نوێنەرایەتی ١٥ ڕێکخراوی ناحکومی دەکات، شاندێکیان ڕێکخست و سەردانی خۆپیشاندەران و قایمقامی قەزاکە کرد.

شاندەکە لەگەڵ ڕێکخەرانی چالاکییەکە کۆبووەوە و لەبەردەم خۆپیشاندەران قسەیان کرد و هاودەنگی و سوپاسگوزاری خۆیان بۆ ئەو کارە ئاشتیخوازانە و ناتوندوتیژانەیان دەربڕی. یەکێک لە خۆپیشاندەران بەناوی هاوڕێ، بە ئەندامانی شاندەکەی ڕاگەیاند، هەمووان لە پێنجوێن سەرەڕای جیاوازییەکانمان بەشداری ئەم خۆپیشاندانە دەکەین و ئێمەش بە پەرۆشەوە هاوکاری یەکترین. ئامانجمان گەڕانەوەی کارەبای ٢٤ کاژیریە بۆ قەزاکەو پێویستە هەموو خێزانێک نەوتی سپی زیاتری پیبدریت. هەموو شەوێک لەم کەشوهەوا ساردەدا نزیکەی ١٠٠ خۆپیشاندەر لە ژێر چادرەکاندا دەمیننەوە”.

ئەندامانی شاندەکە بە ئیلهام وەرگرتن لە پابەندبوون و سووربوونی خۆپیشاندەران، خەڵکەکەیان بەجێهێشت بۆ ئەوەی سەردانی قایمقام بکەن لە ماڵەکەیدا. کاک زانا بە گەرمی و بە ڕێزێکی زۆرەوە بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و باسی گرنگی قەزاکەی بۆ تەواوی وڵات کرد. هەروەها پێزانینی خۆی بۆ یەکڕیزی خەڵکی قەزاکە دەربڕی کە بە ئاشتیانە لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە و داوای مافەکانیان دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، "خەڵک تەنها داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن". هەروەها ووتی، "ئێمە گیرۆدەی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی تریشیین لەم قەزایە، بۆ نموونە تاوەکو ئێستا ٥٢ ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی مینڕێژکراو هەیە کە لە دوای شەڕی عێراق و ئێران لە هەشتاکانەوە پاک نەکراوەتەوە. ئه م قەزایە له ماوه ی ئه و شه ڕه دا سێ جار خاپوورکراوە ، خه ڵکی پێنجوێن شایسته ی خزمه تی زۆرلەوە باشترن کە له ئێستادا هەیە”.

بە هیوایەکەوە قایمقام باسی لەوەکرد کە پارێزگاری سلێمانی بەیانیەکەی بە تەلەفۆن پێی وتووە کە حکومەت بڕیاری داوە جارێکی تر کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ قەزاکە دابین دەکات و هەر خێزانێک بەرمیلێکی تر نەوتی سپی وەردەگرێت.قایمقام ئەوەشی ووت: "پارێزگار داوای لێکردم پەیوەندی بە فەرمانگەکەم بکەمەوە، بەڵام نایکەم ". هاوڕێ، کە بەشداری دیداری شاندەکە کرد لەگەڵ قایمقام، بە بەڕێز زانای ڕاگەیاند، "ئێمە ناڕەزایەتی دەردەبڕین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان و پێدەچێت ئامانجەکانمان بەدی بهێنین. ئێستا ئێمە لە خەمی لەدەستدانی ئێوەداین وەک قایمقامی قەزاکەمان و ئەمەمان ناوێت. تکایە دەست لەکار مەکێشنەوە”.

دوای گەیشتنی ئەو مژدەیە، خۆپیشاندەران کۆتاییان بە چالاکییەکە هێنا و ڕێگا سەرەکیەکەیان بۆ بارهەڵگرەکان کردەوە. پاشان خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی چادرەکانیان بەرەو ماڵی قایمقام بە ڕێپێوان بەڕێکەوتن. داوایان لە قایمقام کرد دەستلەکارکێشانەوەکەی بکشێنێتەوە و پەیوەندی بەفەرمانگەکەیەوە بکاتەوە، ئەگەرنا لەبەردەم ماڵەکەیدا بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان تا ئەو کاتەی قایمقام دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانگەکەی. دوای فشارێکی زۆری خەڵک، قایمقام چووە ناو خۆپیشاندەرانەوەو پێکەوە بەرەو فەرمانگەکەی بە ڕێپێوان بەڕێکەوتن.

ئەندامانی شاندەکە لە تیمەکانی بونیادنەری ئاشتی کۆمەڵگە و فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەستیان بەسەرفرازی و ئیلهام کرد کە شاهیدی ئەم چالاکیە سەرکەوتووە ناتوندوتیژانەی خەڵکی پێنجوێنن. ئێستا پێنجوێن تەنها سەبەتەی خۆراک نییە بۆ وڵات، پێنجوێن بوو بە سیمبولی خۆپیشاندانی ناتوندوتیژی بۆ هەموو عێراق. یەکەمجارە لە مێژووی چالاکوانی لەم وڵاتەدا کە خۆپیشاندەران بتوانن تەنها لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە ڕێگەی ناتوندوتیژی و بێ ئەوەی کەس ئازاربدرێت و هیچ زیانێکیان پێ بگات، بتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن.

cptik