پەیمان تاڵب داوای ڕاگرتنی بۆردوومانەکانی تورکیا دەکات، کە بوونەتە مایەی تێکدانی خەون و ژیانی ژنانی کورد و خێزانەکانیان

پەیمان تالیب، قسە بۆ ئەندامانی “سی پی تی” دەکات.

لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا "پەیمان تاڵب" و "هێژوان"ی کوڕی و "هەمیشە"ی کچی و "کەیوان کاوە"ی هاوژینی، لە مینی مارکێتەکەی خۆیان بوون، لە کونەماسی. کونەماسی گوندێکە کە دەیان خێزان تیێدا دەژین و هەروەها بە هۆی بوونی ڕووبارو دارودرەختی سەوز بۆتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ سەدان خێزان کە لە کۆتایی هەفتەکاندا سەردانی دەکەن. خێزانەکەی پەیمان لە کونەماسی دەژین و لەوێش خەریکی کەسابەتی خۆیانن. حەوت ساڵ لەمەوبەر پەیمان توانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زمانی کوردیدا لە زانکۆی سلێمانی بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە مامۆستای زمانی کوردی. پەیمان بە “سی پی تی” گووت: "ئێستا حکومەت، مامۆستا و فەرمانبەری نوێ دانامەزرێنن، هەربۆیە بوومە هاوکاری هاوژینەکەم بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی بژێوی ژیان بۆ خێزانەکەم دەستەبەر بکەین."

لە کاتێکدا هەموو ئەندامانی خێزانەکە لە دوکانەکەیاندا بوون، کریارێک دێتە ژوورەوە بۆ کڕینی پێداویستییەکانی. کەیوان خەریکی پێچانەوەی پێداویستیەکانی کریارەکە بووکە لەناکاو گوێبیستی دەنگێکی ترسێنەربوون و شەپۆلی بایەکی توندی بە‌هێزهەمووانی دابەزەویدا. موشەکێک لەلایەن فرۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا دەهاوێژرێت و لە دووری تەنها ٢٠ مەتر لە دوکانەکەوە دەتەقێتەوە. تەقینەوەکە ئاگربەردەداتە دوکانەکەو دەستبەجێ کڕیارەکە دەکوژێت و بەسەختی ئەندامانی خێزانەکە برینداردەکات. کەیوان چیرۆکی ڕۆژی بۆردوومانەکەی بۆ “سی پی تی” گیرایەوە و گووتی:"هاوژینەکەم لە ناو ئاگردا بوو هەروەها جەستەی منداڵەکانم لە خوێندا سوور بووبو، توانیم هاوژینەکەم و منداڵەکانم لە دوکانەکە بەرمەدەرەوە، ئینجا زانیم کە خۆشم بریندارم. پاشان بورامەوەو کەوتم بە زەویدا. باوکم و ئامۆزاکانم و چەند کەسێک ئێمەیان بردە نزیکترین نەخۆشخانە لە قەلاچوالان و پاشان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن ئێمەیان بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی نارد". 

هاوسەر و منداڵەکانی پەیمان، پاشماوەی پارچەکانی بۆردوومانەکە نیشاندەدەن.

قاچی چەپی پەیمان زۆر بە سەختی برینداربوو بوو، ئەمەش وایکرد پزیشکەکان ناچاربن بۆی ببڕنەوە کە خۆشی بەئاگابوو. بەهۆی ئەوەی کە خوێنی کەم لە جەستەیدامابوو پزیشکەکان نەیانتوانی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بێهۆشی بکەن. چەند بەشێکی قاچی ڕاستیشی سووتاوی شکاوی هەبوو. هەردوو باسکی سووتابوون. پزیشکەکان چەند نەشتەرگەرییەکیان بۆ قاچی ڕاستیشی کرد. ئەندامانی خێزانەکە لە دوو نەخۆشخانەی جیاوازدا بوون، پەیمان لە نەخۆشخانەیەک و کەیوان و منداڵەکان لە دانەیەکی تربوون. کەیوان بە “سی پی تی” ڕاگەیاند: "ئێمە بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لەیەک دابڕابووین. تاوەکوو ئێستا ٨ پارچە مووشەک لە جەستەمدایە.”

هێژوانی کوڕم کە تەمەنی شەش ساڵە ٣ پارچە لە سەریدایە. پزیشکەکان ناتوانن دەریان بهێنن. هەندێ کەس و ڕێکخراو هاوکاریان کردووین. ڕێکخراوێک بەڵێنیان پێداوین کە لە ١ی ئەیلوولدا پەیمان بنێرنە دەرەوەی ووڵات بۆ ئەوەی قاچێکی زیرەکی بۆ درووست بکەن، ئێمە چاوەڕێیین. جگە لە چەند پەرلەمانتارێکی کەم و قایمقامی قەزای ماوەت و پارێزگاری سلێمانی نەبێت هیچ بەرپرسێک نە پەیوەندیان پێوە کردووین نە سەردانیان کردووین."

بە گریانێکەوە کە لە گەرووی قەتیس مابوو پەیمان بە “سی پی تی” ڕاگەیاند: "بۆ من زۆر قورس ئەبێت، ژیانمان بە تەواوی سەرەوژێربۆوە. تەنانەت گەر قاچێکی زیرەکیشم بۆ درووست بکرێت، هێشتا ناتوانم بە ئاسانی ئاگاداری خۆم و خێزانەکەم ببم. پزیشکەکان پێیان ووتم گەر قاچی نوێشت بۆ دروستبکرێت ناتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر بە پێوە بوەستی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە من ناتوانم ببم بە مامۆستا لە داهاتوودا. من بەردەوام لەناو جێگەدام. بەڵام ژیان بەردەوام ئەبێت و کۆڵنادەم. من تاکە قوربانی بۆردوومانەکانی تورکیا نیم. چەندانی تر پێش من و خێزانەکەم شەهید و برینداربوون. بە ئێستاشەوە ئەوان بۆردوومانەکانیان بۆ سەر خەڵکانی سڤیل بەردەوامە. ئەمە ئەبێت ڕاگیرێت."

.پەیمان، کە هەردوو دەست و قاچێکی سوتاوە و قاچەکەی تریشی لە ئەژنۆیەوە بڕواتەوە

لە ١٦ ی ئابی ٢٠٢٠دا، “سی پی تی” توانی سەردانی ئەم خێزانە بکات کە ئێستا لە خانوویەکدا دەژین لەناو شاری سلێمانی. خوشکێکی کەیوان خۆی تەرخانکردووە بۆ ئەوەی ئاگای لێیان بێت. پەیمان لە هەفتەیەکدا دەبێت پێنج جار بچێت بۆ چارەسەری سرووشتی (علاج طبیعی) هەرجارەی بۆ ماوەی ٣ کاژێر.   

پەیمان و کەیوان ئەوەشیان باسکرد کە بۆ یەکەم جار"حسێن کاچماس" ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە پەرلەمانی تورکیا، قسەی لەسەر رووداوەکە کردووەو داکۆکی لێکردوون لەناو پەرلەمانی تورکیادا. ئەوان دەیانەوێت چیرۆکەکەیان لە هەموو جیهاندا ببیسترێت.  

هاودەنگ لەگەڵ پەیماندا، ئێمەش وەک “سی پی تی” داوای دەسبەجێ ڕاگرتنی بۆردوومانەکانی تورکیا دەکەین بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تریش. لەهەمانکاتدا “سی پی تی” داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە “ناتۆ” دەکات کە بێدەنگی بشکێنن بەرامبەر بە تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانییەتەکەیان کە بەردەوامە لە تێکدانی ژیانی ئەو خێزانانەی وەک پەیمان و کەیوانن. 

cptik