ڕۆژنامەنوسان دەنگی ئازادی کۆمەڵگان، نا بۆ کپکردنی دەنگە ئازا و ئازادەکانی کۆمەڵگا

تیمی کوردستانی عێراقی “سی پی تی” و بەشێک لە چالاکوانان لە کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دا تیمی کوردستانی عێراقی “سی پی تی” وەڵامی دیندار زێباری دایەوە سەبارەت بە ڕفاندن و تۆمەتباركردنی شێروان شێروانی.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کە بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیش ئامادەی بوون، “سی پی تی” كەمپینی ئازادی بۆ گیراوانی بادینان ”بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشكی و دڵشاد گوهەرزی ڕاگەیاند.

تەواوی بەیاننامەکە لە خوارەوە بخوێنەوە.

وەڵامێک بۆ دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمدا، گروپێک چەکداری ١٠ کەسی نەناسراو، بەجلی مەدەنی و ئەمنییەوە لە کۆمەڵگای سێبیرانی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ و هاوبەشی تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی" شێروان شێروانی. دوای دەستبەسەرداگرتنی کۆمپیوتەر و کامێرا و ئامێری تۆمارکردنی دەنگ و کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی تری، بەبەرچاوی هاوژین و منداڵەکانیەوە دەمانچە خرایە سەر سەری شێروان و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندرا.

نیو کاتژمێر لەدوای ڕفاندنی، خانەوادەی شێروان شێروانی ئاگاداری تیمی "سی پی تی"یان کردوو چیرۆکی چۆنیەتی هەڵکوتانە سەرماڵ و ڕفاندنەکەی ناوبراویان بۆ ڕێکخراوەکەمان گێڕایەوە.

ئێمە چاوەڕوان بووین، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەکان لەماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا، شوێن و چارەنوسی شێروان شێروانی و دۆسیەکەی بۆڕایگشتی ئاشکرابکەن و بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی پەیوەند بە کاری ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ناوبراودا بکەن، بەڵام بەداخەوە لەدوای ٤ ڕۆژ لەدەستگیرکردنی شێروان، "دیندار زێباری" ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ناوبراو بەپێی یاسای ژمارە ١٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە کە لەئەگەری ساخکردنەوەی تۆمەتەکان بەسەریدا، ناوبراو سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا دەسەپێت و شێروان بۆ هەمیشە خانەوادەکەی نابینێتەوە،  وەهەروەها زێباری لە ڕوونکردنەوەکەیدا، دەڵێت: "شێروان دانی بەوە داناوە کە ئەو لە سەرچاوەی دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و پشێوی. ناشیرینکردن و وتنی قسەی نەشیاو بە بەرپرسان و کەسانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی دیاریکراو، هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەکان بۆ دروست بوونی توندوتیژی، هەروەها هەڕەشەکردن لە دادوەران."

ئێمە لە تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی"، سەرباری ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی دیندار زێباری بەرامبەر بە شێروان شێروانی و ئیدانەکردنی دانپێدانانی زۆرەملێیانە، ڕایدەگەیەنین کە ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هاوبەشی ڕێکخراوەکەمانە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا و لە نزیکەوە ئاگاداری کارەکانی ناوبراوین، کە زۆرینەی ژیانی ڕۆژنامەوانی شێروان بریتی بووە لە بەرگریکردن لە ئازادی و دادپەروەری کۆمەلایەتی. بنیاتنانی سیستەمێکی شەفاف و دوور لە گەندەڵی. نوسینەکانی شێروان بانگەوازیکردن بوون بۆ پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و چەسپاندنی ئاشتی کۆمەلایەتی لە کوردستاندا. لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا و لە سێ کاتی جیاوازدا شێروان ڕووبەڕوی ڕفاندن و زیندانیکردن و هەڕەشەکردن بۆتەوە و لەهەموو ئەو جارانەدا تیمەکەمان یاوەری شێروانی کردووە و گەواهیدەری هەموو ئەو هەڕەشە و فشارانە بووین کە بۆ کپکردنی دەنگی ئەو ڕۆژنامەوانە سەربەخۆیە لە ئارادا بوون.

لەپاڵ دۆسیەی ڕفاندنی شێروان شیروانیدا، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی "بەدەل بەرواری، ئومێد بەڕوشکی و دڵشاد گوهەرزی" کە بەهۆی بانگەوازیکردن بۆ خۆپێشاندان و داواکردنی موچەی مامۆستایان و موچەخۆران، ماوەی ٥٢ ڕۆژە لە زیندانی زەرکا دەستبەسەرکراون. لەسەر حکومەتی هەرێم پێویستە لەبری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین بگریت و لەبری دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و خۆپێشاندەران، مافی موچە خۆران و هاوڵاتیانی دەستەبەر بکات.

ئێمە لەتیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی"، لە ڕیگەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەوە، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان کەمپەینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی و چالاکوانانی زیندانی لە بادینان ڕادەگەیەنین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ دەکەین کە پشتیوان بن بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی زیندانی.

تیمی کوردستانی عێراقی "سی پی تی"

١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠

cptik